سەرکردەی دیاری پەیەدە، هۆشداری دەدات لە پلانێکی گەورە کە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە، دەڵێت'' گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق، تەنها هەنگاوێکە لەو نەخشە داڕێژراوەی کە ئامانج لێی لێدانی ئێران و دروستکردنی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.''
میدیا عێراقیەکان بلاویانکردەوە'' ئاڵدار خەلیل، باس لەوە دەکات کە جێبەجێکردنی ئەم ئەجێندایە پێویستی بە تێکدانی بارودۆخی ناوخۆیی عێراق هەیە، ئەوەش لە ڕێگەی هاندانی هێزەکانی سەر بە دیمەشق بەرەو سنوورەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی ناوخۆی عێراق بۆ نانەوەی پشێوی سیاسی و ئەمنی.''
خەلیل جەخت دەکاتەوە، ئاگربەستەکەی ئەمدواییە تەنها لەسەر داوای واشنتۆن بووە بۆ ئەوەی زیندانیانی داعش بگوازرێنەوە بۆ عێراق.
هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەوان و دیمەشق تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کاتییە و هیچ ڕەهەندێکی ستراتیژی درێژخایەنی نییە.
لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوا داوا دەکات کە کورد و لایەنەکان چارەنووسی خۆیان بە ڕێککەوتنە کاتییەکانی واشنتۆنەوە گرێ نەدەن و تەنها پشت بە هێزی ناوخۆیی ببەستن، چونکە هەرچەندە ئەوان خوازیاری دیالۆگن، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر شەڕ و ئاڵنگارییەک لە ناوچەکەدا ئامادەن.