چۆنیەتی کوشتنی سێ ئەندامی خێزانێکی هەولێر ئاشكرادەکرێت

بکوژی سێ ئەندامی یەک خێزانەکەی هەولێر ئاشكرادەکرێت خزمی خۆیانە و نەخۆشی دەروونی هەیە. 

بەپێی زانیارییەکان، سەرەتای ڕووداوەکە بکوژەکە کە تووشبووی نەخۆشیی دەروونییە، ڕۆژی بەفربارینەکە لە نەخۆشخانەی دەروونی هەڵهاتووە. 

ناوبراو ماوەی بیست کاتژمێر لەناو سەرما و بەفردا ماوەتەوە، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا گەڕاون بەڵام لەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە شوێنپێی بدۆزنەوە، سەرەتا دەچێتە ماڵی باوکی و هێرشی دەکاتە سەر، بەو هۆیەوە سەری باوکی دەشکێنێت. 

پاشان ڕوو لە کەلاوەیەکی نزیک ماڵی خزمێکیان دەکات کە هەر لەو گەڕەکەدا بووە و ماوەیەک لەوێ خۆی حەشار دەدات.

 بەرەبەیانی دوێنێ، بکوژ بە مەبەستی بردنی ئۆتۆمبێلی خزمەکانیان دەچێتە ناو حەوشەکەیان، سەرەتا کوڕی خێزانەکە بە چەقۆ دەکوژێت، دواتر دەچێتە ژوورەوە و دایک و باوکەکە دەخنکێنێت. 

پاش تەواوکردنی تاوانەکە، ئۆتۆمبێلەکەیان دەبات و لە شوێنی ڕووداوەکە ڕادەکات.

 بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، تۆمەتبارەکە نەخۆشی "شیزۆفرینیا"ی هەیە. ئەم نەخۆشییە وا لە کەسەکە دەکات دەوروبەری وەک دوژمن ببینێت و پەلاماریان بدات، زۆرجاریش دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تووشی جۆرێک لە لەبیرچوونەوە دەبێت و درک بەوە ناکات کە چی ئەنجامداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ لە گەڕەکی "شۆڕش" لە شاری هەولێر، تەرمی سێ ئەندامی یەک خێزان (ژن و پیاوێک و کوڕەکەیان) لەناو ماڵەکەی خۆیاندا بە کوژراوی دۆزرانەوە. 



PM:01:15:27/01/2026