ڕێکخراوی هەرانا، ئاماری کوشتن و برینداربوون و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
سێ شەممە، ٢٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند " لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ٦ هەزار و ١٢٦ کەس کوژراون و ٤١ هەزار و ٨٨٠ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، وە ١١ هەزار و نۆ خۆپیشاندەریش برینداربوون".
ئەو ڕێکخراوە دەڵێت لە کۆی ٦ هەزار و ١٢٦ کەسی کوژراو، ٥ هەزار ٧٧٩ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لەناویاندا ٨٦ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٤٩ کەسیش لەو هاوڵاتییانەی کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون کوژراون.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی هەرانادا هاتوە ١١ هەزار و ٢٤ کەس بانگێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٢٤٥ خۆپیشاندەر تۆمارکراوە.
لە ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، خۆپیشاندان لە ئێران و بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، ئێران وەک ڕێگایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی لە ناوخۆ و بۆ دەرەوەی ئێران بڕی تا هەواڵەکان بڵاو نەبنەوە و ئەو ئامارانەی تا ئێستا بڵاو دەکرێنەوە بەشێوەیەکی فەرمی و دروست نین بە هۆکاری نەگەیشتنی زانیاری تەواو و شاردنەوەی توندوتیژییەکان لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە.