چوار وڵات ڕاگەیاندراوێکیان لە بارەی ئاگربەستی هەمیشەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە


هەریەک لە حکومەتی بەریتانیا، فەرەنسا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان لە بارەی دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە.

سێ شەممە، ٢٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، هەر یەک لەم وڵاتانە زلهێزانە پێشوازیان لە درێژکردنەوەی ئاگربەست لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا کردوە بۆ ١٥ ڕۆژی دیکە، داوایان لە هەموو لایەنە ناکۆکەکانی سوریا کردوە، بە شێوەیەکی تەواو و بێ مەرج پابەندی بنەماکانی ئاگربەست بن و خۆیان لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی سەربازی بەدوور بگرن.

هەروەها داوا دەکەن کە پێویستە لایەنەکان بە زووترین کات ڕەزامەندی لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گشتگیر بدەن، تاوەکو ڕێگە بۆ چارەسەری سیاسی و کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی هاوڵاتییان خۆش بێت.

ئەو وڵاتانە ئاماژەیان بەوە کردوە کە چەسپاندنی سەقامگیری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئامرازە ئاشتی پارێزەکانەوە، لە کارە سەرەکییەکانی هەرە لەپێشینەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

ئەم ڕاگەیاندراوە هاوبەشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر گوشارێکی توندی سەربازیدایە و مەترسیی تێکچوونی ڕێککەوتنەکان لە ئاردایە بە تایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە هەسەدە بەردەوام هۆشداری دەدات کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع "پێشێلی ئاگربەست دەکەن و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن ئامانج و هێرشەکانیان بەردەوامە".




PM:05:38:27/01/2026