کامەران عوسمان: ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە قەسابخانە و سەرنجی میدیا و خەڵک لەسەری کەمە

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی رێكخراوی (CPT)ـی ئەمەریكی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە" ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات زۆر گەورە ترە لەوەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت. هیچ هێزێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە مەدەنییان بپارێزێت. میدیا و ڕێکخراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین تاوەکو پێشێلکارییەکان تۆمار و ڕوماڵ بکەن.!، بەڵام سەرنجی میدیا و خەڵک لەسەری کەمە".

دەشڵیت" نزیکەی (٣،٧٥٠) هاووڵاتی مەدەنی و خەڵکی ناڕازی بەتەنیا لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی دەورووبەریان کۆمەڵکوژکراون. ئینتەرنێت و هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی کوردانی ڕۆژهەڵات بەردەست نیە".

دەقی راپۆرتەکەی: 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە قەسابخانە و سەرنجی میدیا و خەڵک لەسەری کەمە!

نزیکەی (٣،٧٥٠) هاووڵاتی مەدەنی و خەڵکی ناڕازی بەتەنیا لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی دەورووبەریان کۆمەڵکوژکراون. ئینتەرنێت و هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی کوردانی ڕۆژهەڵات بەردەست نیە. نرخی شتومەک و خواردن و لەو پەڕی بەرزی دایە و برسیەتی بڵاوبۆتەوە.

سەرنجی تەواوەتی کوردانی باشور و باکوری کوردستان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕبۆتەوە. خۆپێشاندانی گەورە و هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری مەزن بۆ ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت. ئەمانە هەموویان هەڵوێست و ڕاسانی باڵان و جێگەی دەستخۆشین. بەڵام، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات زۆر گەورە ترە لەوەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت. هیچ هێزێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە مەدەنییان بپارێزێت. میدیا و ڕێکخراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین تاوەکو پێشێلکارییەکان تۆمار و ڕوماڵ بکەن.!

گرنگە، تەوقی ملی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بشکێندرێت و کوردانی ئەم پارچەیەی نیشتیمان، بێ هاوسۆزی جێنەهێڵدرێن و لە بێدەنگی دنیادا کۆمەڵکوژ نەکرێن. لەپاڵ پشتیوانی کردنی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، بیر لە فۆڕمی جیاوازی پشتیوانیکردن لە کوردانی ڕۆژهەڵات بکرێتەوە و هەوڵی پاراستنیان بدرێت. میدیاکانی باشور، حزب و لایەنە سیاسییەکان، سەرکردە و سەرۆکەکان، خاوەنداریەتی لە کوردان بکەن و باری سەرنجیان بخەنە سەر ڕۆژهەڵات.




PM:11:03:27/01/2026