نەتەوە یەکگرتووەکان: تا ئێستا ١٧٠ هەزار کەس ئاوارە بوون

لە نوێترین راپۆرتدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووە کە تا ئێستا " زیاتر لە ١٧٠,٠٠٠ ئاوارەی ناوخۆیی لە پارێزگاکانی حەلەب، حەسەکە و ڕەققە تۆمارکراون".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە " دوو دەروازەی مرۆیی کراونەتەوە بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاوکارییە مرۆییەکان، حاڵەتە پزیشکییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا".

دەقی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان:

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی:

ئاوارەبوون هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە، بەو پێیەی زیاتر لە ١٧٠,٠٠٠ ئاوارەی ناوخۆیی لە پارێزگاکانی حەلەب، حەسەکە و ڕەققە تۆمارکراون، لەگەڵ چڕبوونەوەیەکی زۆر لە شارەکانی قامیشلۆ و دێرک (مالیکیە).

ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ٢٤ی کانوونی دووەمدا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەیەکی ڕێژەیی لە ئاستی کارە دوژمنکارییەکاندا.

 دوو دەروازەی مرۆیی کراونەتەوە بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاوکارییە مرۆییەکان، حاڵەتە پزیشکییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا.

کاروانە مرۆییەکان بەردەوامن لە جوڵە، کە هاوکاریی فرە-کەرت و سووتەمەنی بۆ پشتیوانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لەخۆدەگرن، لەگەڵ پلاندانان بۆ ناردنی کاروانی زیاتر لە ڕۆژانی داهاتوودا.

کورتەیەک دەربارەی دۆخەکە و کاریگەرییە مرۆییەکان:

هەفتەکانی ڕابردوو گۆڕانکاریی بەرچاویان لە پارێزگاکانی ڕەققە، دێرەزوور و حەسەکە بەخۆوە بینی. ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە ٢١ی کانوونی دووەم واژۆ کرا، پاشان لە ٢٤ی کانوونی دووەمدا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە.

 ئاوارەبوون هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامە. تا ٢٥ی کانوونی دووەم، زیاتر لە ١٧٠,٠٠٠ ئاوارەی ناوخۆیی تۆمارکراون کە بەسەر ١٧٨ کۆمەڵگە (شوێن) لە ٢٧ ناحیەی سنوری پارێزگاکانی حەلەب، حەسەکە و ڕەققەدا دابەش بوون. شاری قامیشلۆ زۆرترین ژمارەی ئاوارەی لەخۆگرتووە کە نزیکەی ٩٧,٩٠٠ ئاوارەیە، دواتر ناوچەی دێرک (مالیکیە) دێت بە نزیکەی ٣٢,٠٠٠ ئاوارە. هەروەها کەمپەکانی نەورۆز، عەریشە و سەرێکانی هێشتا بەدەست کەلێن و کەموکوڕی لە خزمەتگوزارییەکان، قەرەباڵغی (جەنجاڵی) و بەردەوامیی جوڵەی دانیشتوانەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا سنووردارکردنی گەیشتن، ڕێگری لە هەوڵەکانی پشتڕاستکردنەوە و بەدەمەوەچوون دەکات.




PM:12:09:28/01/2026