هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ڕایگەیاند'' بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر ناوچەکانی ڕەقە، تەبقا و دێرزوور، نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوون، ئەم کۆچبەرانە ڕوویان لە شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ و کۆبانێ کردووە و لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین.''
شێخموس ئەحمەد، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان بە شێوەیەکی نیمچە تەواو ڕابگرن، ئەمەش مەینەتیی ئاوارەکانی قووڵتر کردووەتەوە و بارگرانییەکی گەورەی خستووەتە سەر شانی دامەزراوە خۆجێییەکان.
بە وتەی شێخموس ئەحمەد، ئامانجی سەرەکی حکومەتی سووریا لەم گرژییانە، کۆنترۆڵکردنی ڕێگەی دەروازەی سێمالکا - فیشخابوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
دیمەشق دەیەوێت بەم هەنگاوە هاوکارییەکان و هێڵی پەیوەندیی ناوچەکە ببڕێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەدەست کەمیی دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە ئەو هاوکارییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆبانێ ناردوویەتی زۆر سنووردارن و بەشی پێداویستییەکان ناکەن.
ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دامەزراوە خزمەتگوزارییە گرنگەکان وەک نەخۆشخانەکان و نانەواخانەکان ڕووبەڕووی مەترسیی پەککەوتن دەبنەوە، کە ئەوەش ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.