کامەران عوسمان، لە ڕێکخراوی (CPT)، ئاشکرای کرد، بەهۆی ڕووماڵێکی "ناپیشەییانە"ی میدیایەکی باشووری کوردستان، ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بانە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە ناسنامەیان ئاشکرا بووە دەستگیرکراون.
ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی CPT دەڵێت'' میدیاکە لە ڕاپۆرتێکدا ڤیدیۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڵاوکردووەتەوە کە خاوەنەکانیان بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت هاتوونەتە سەر سنوور، بە شێوەیەک ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێلەکان بە ڕوونی دەرکەوتوون.''
دوای تێپەڕبوونی تەنیا یەک ڕۆژ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەکەدا، دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، توانیویەتی شوێنی ئەو هاووڵاتییانە بدۆزێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ٣٦ هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی بانە دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و بێسەروشوێنن.
ئاماژەیبەوەشکردوە، ئەم هاووڵاتییانە بەهۆی پچڕانی تەواوەتیی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەنایان بۆ ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بردبوو. ئامانجیان ئەوە بووە لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆرە پەیوەندییەکانی عێراقەوە، هەواڵ و زانیاری لەسەر دۆخی نالەباری ناوچەکانیان بە کەسوکاریان و جیهانی دەرەوە بگەیەنن.
لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە سنوورەکانی بانە و مەریوان بڵاوە پێکردووە و چەندین زاڵگەی نوێی دروست کردووە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگریکردن و دەستگیرکردنی هەر کەسێکە کە بیەوێت بچێتە سەر سنوورەکان بۆ گەیاندنی زانیاری و بەکارهێنانی هێڵەکانی پەیوەندی.