لە قوتابخانەیەکی کەرکوک، قوتابییەک لە قوتابخانەیەکی ناحکومی بە هۆی ئەوەی لەوانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشاوە، لە خوێندن دوورخراوەتەوە.
چوار شەممە، ٢٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئالان حەمە سەعید، وەزری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "قوتابییەکی کورد لە کەرکوک بەناوی دیار خلیل لە خوێندنی سیستمی ئیتحادیی لە قوتابخانەیەکی ناحکوومی بەهۆی ئەوەی لەوانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشابوو، لە قوتابخانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی دەدرێت".
لەبارەی خوێندنی ئەو قوتابیەوە وەزیری پەروەردە دەڵێت "کاتیک بابەتەکەم پێگەیشت راستەوخۆ مامۆستا کامەران بەرێوەبەری خوێندنی کوردیم راسپارد، بەهیچ جۆرێک ئەمە نابێت قبووڵ بکرێت و قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکوک بکەن لە حکوومەتی فیدراڵ ، قسەی لەگەڵ کردوون و بەڵێنیان دابوو سبەی چارەسەری بابەتەکە دەکەن و لێپرسینەوەش لە قوتابخانەکە دەکەن".
"بڕیارمداوە پارەی خوێندنەکەی لە ئەستۆ بگرم وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو ئازیزە و دڵنیابن ئەو منداڵە بێ خوێندن نامێنێتەوە بابەتەکە چارەسەر دەبێت" وەزیری پەروەردە وا دەڵێت.