CPT: تەرمی گەنجێکی کورد دۆزرایەوە دوای دە ڕۆژ لە سەربڕینی لەلایەن چەکدارەکانی سوریاوە

‌مەسعود ڕەشید- ئەو گەنجەی کوژراوە

بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمریکی لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی خەڵکی عەفرین دەڵێت "گەنجێکی کورد، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە هێرشەکانی سەر ڕەقە، دوای دەستگیرکردن دەکوژرێت و سەردەبڕدرێت".

چوار شەممە، ٢٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەمدا، گەنجێکی کورد بەناوی مەسعود ڕەشید محەمەد، لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٢ و  پیشەی چێشتلێنەر، کە خەڵکی شاری عەفرینە و پێشتر لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی شاری حەلەب بووە، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەرچوون لە شاری ڕەقە، لە ناحیەی مەنسوڕە دەکەوێتە بۆسەی گروپێکی چەکداری سەر بە حکومەتی نوێی سوریا".

کامەران عوسمان وتویەتی "دوای لێدان و ئەشکەنجەدان دەکوژرێت و دواتریش سەری دەبڕدرێت، لەدوای ١٠ ڕۆژ لەم ڕووداوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەم گەنجە دۆزرایەوە و بەخاکسپێردرا".

٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع هێرشیان بۆ سەر ئەو ناوچانە دەستپێکرد کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان و ئێستا هێرشەکانیان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە لە کاتێکدا ئاگربەستی ١٥ ڕۆژە هەیە، بەڵام هەسەدە بەردەوام هۆشداری دەدات کە "گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ئاگربەست پێشێل دەکەن و هێرش دەکەن" .




PM:10:17:28/01/2026