ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو رایگەیاند " لە کۆبوونەوەی پاریس ئیدارەی دیمەشق و تورکیا ڕەزامەندییان پێ درا بۆ هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا( رۆژئاوای کوردستان).
مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی (مەدیا خەبەر) قسەی کرد و لە بارەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانەی لە شێخ مەقسوودەوە دەستی پێ کرد و تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای گرتەوە، بە واتای "تێکدانی پرۆسەی ئاشتی" و "بە بنبەستگەیشتنی پرۆسەکە" دێت.
قەرەسوو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ڕووداوی شێخ مەقسوود هێرشێکی ئاسایی نییە بۆ سەر شارێک. لە ڕاستیدا پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی هەیە. لە ٤ی کانوونی دووەم بۆ کۆبوونەوەیەک چوونە دیمەشق. خەریک بوو ڕێککەوتن بکرێت. ڕوانگەی ڕێبەرێتیش لەسەر ڕۆژئاوا هەبوو. ڕێککەوتنێک کرابوو، لێدوانێک دەدرا. وەزیری دەرەوەی سووریا دەستوەردان دەکات. دەڵێت 'با لێدوان نەدەین، دەتوانین دواتر کۆببینەوە'. بێگومان هەمووی پلانێک بوو".
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە دەشڵێت" ئەوەی لە ٤ـی کانوونی دووەم و ٥ـی کانوونی دووەم لە کۆبوونەوەیەک لە پاریس روویدا، با بزانین کۆبوونەوەکەی پاریس چی روویدا؟ لە ژێر چاودێری ئەمریکا و فەرەنسا، سووریا و ئیسرائیل کۆدەبنەوە. ناوەڕۆکەکەی لە میدیاکان بڵاوبووەوە. باشووری سووریا و بەرزاییەکانی جۆلان بەخشرا بە ئیسرائیل. لەبەرامبەردا ئیدارەی دیمەشق و تورکیا ڕەزامەندییان پێ درا بۆ هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بۆ هێرشکردنە سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری. ڕووداوی شێخ مەقسوود سەرەتای پیلانگێڕییەکی لەو جۆرەیە و ڕووداوێکی دابڕاو نییە".
" دوای شێخ مەقسوود هێرش کرایە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای فورات، دواتر هێرش کرایە سەر هەموو هەرێمەکان. ئەم ڕاستییە سەرنج بۆ پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی ڕادەکێشێت. لە پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەکەدا ڕۆڵێک بە تورکیا و دیمەشق درا، دیمەشق و تورکیا هەندێک داواکارییان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نێونەتەوەییەکان قبووڵ کرد، لەسەر بنەمای قبووڵکردنی ئەو داواکاریانەش ڕەزامەندییەکی لەو شێوەیەیان بە تورکیا و دیمەشق دا"( مستەفا قەرەسوو وا دەڵێت).
ئەندامەکەی کۆنسەی کەجەکە لەو چاوپێکەوتنە درێژەدا کە باسی زۆر بابەتی کردووە، لەبارەی ئەم رێککەوتنەی پاریسەوە، دەڵێت "ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە پەیوەندییەکی قێزەونە. پێویستە لە کاتی هەڵسەنگاندنی شەڕدا دەبێت ڕەهەندە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان پشتگوێ نەخرێت".