ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەغدا پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە وردی تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند'' یەکێتی بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە دەکات حکومەتێکی نیشتمانی و خزمەتگوزار بێتە کایەوە.''
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ئەم حکومەتە بتوانێت وەڵامدەرەوەی ڕاستەقینەی خواست و پێداویستییەکانی سەرجەم هاووڵاتیان بێت.
لە تەوەرێکی گرنگی دیدارەکەدا، سەرۆکی یەکێتی جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی دامەزراوە یاساییەکان. لەو چوارچێوەیەدا ئاشکرای کرد کە داوایان کردووە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراسی.
ئەمە لە کاتێکدایە، پۆستی سەرۆک کۆمار کە لە پشکی کوردە تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتون و بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو لە دانیشتنی پەرلەمان دەندگ بە سەرۆک کۆمار بدرێت.