تۆم باراک: چوار وڵاتی زلهێز پشتیوانی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق دەکەن

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، بەناوی هەریەک لە (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) پشتیوانی یەکگرتووی وڵاتانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند. 

ئەم چوار وڵاتە جەخت لە پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەکەنەوە وەک تاکە ڕێگە بۆ سەقامگیری.

تۆم باراک، بڵاویکردەوە'' لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا، ئەم وڵاتانە پێشوازییان لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی ١٥ ڕۆژەی نێوان هەردوولا کرد کە لە ٢٤ی ئەم مانگەدا ڕاگەیەندرا. داوایان لە هەموو لایەنە ناوخۆیی و هێزە دەرەکییەکان کردووە کە دانبەخۆدا بگرن و پابەندی هێورکردنەوەی دۆخەکە بن بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی نوێ.''

وڵاتانی زلهێز داوای کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییە بەپەلەکان دەکەن و جەخت لە پێویستی دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانی دەکەنەوە کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە زیانی پێگەیشتووە.
هەروەها، واشنتن، پاریس، لەندەن و بەرلین سوپاسی ڕۆڵی کاریگەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا. 

هاوکات هۆشدارییان دا کە نابێت هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لە دەوروبەری زیندانەکانی داعش دروست ببێت و بڕیاریانداوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.

لە کۆتاییدا، ئەم وڵاتانە دووپاتیان کردەوە کە کاری لەپێشینەی ئەوان "تێکەڵبوونی ئاشتیانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا"یە لەنێو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا کە ڕێز لە مافی هەموو پێکهاتەکان بگرێت. ئامادەیی خۆشیان نیشانداوە بۆ چاودێریکردنی هەر ڕێککەوتنێک کە ببێتە مایەی ئاشتییەکی بەردەوام و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر.





PM:06:47:29/01/2026