کەجەکە: هاوپەیمانی دژ بە داعش گۆڕاوە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ داعش


وتەبێژی کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە)، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە لە بارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پلانی نێودەوڵەتی  و چەمکی برایەتی گەلان و تێکۆشانی کورد و پاڵپشتیەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت " ئەو زیندانییانەی داعش جارێکی دی رێکدەخرێنەوە، پەروەردە و پڕچەک دەکرێن و لە سەر ناوێکی جیاواز بەریان دەدەنە گیانی هەر وڵات و هەرگەلێک کە بیانەوێت".

هەینی، ٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە، ڕایگەیاند "ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێت جێبەجێکردنی پلانێکە لە چوارچێوەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندی زلهێزەکان، لەم داڕشتنەوەدا ئیرادەی گەلان بە نەبوو هەژمار دەکرێت و چارەنوسیان، وەک تۆم باراک وتەنی ئەدرێتە دەستی دیکتاتۆرە خێرخوازەکان، ئەم دیکتاتۆرانە لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەندا لە مێژە ئامادە کراون،  ئەمە مۆدێلێکی بەڕێوەبەرییە کە ئەمریکا شایستەی رۆژهەڵاتی ناوینی دەبینێت".

وتەبێژی کەجەکە سەبارەت بە بوونی کورد لە ناو "پلانی داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەرڕاست" وتویەتی "پەرەسەندنەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی ئاماژە بەوە دەکەن کە کورد سایکس-پیکۆ و لۆزانێکی دی بە سەردا سەپێنراوە. پەیماننامەی پاریس تەنیا پەیمانێک نییە لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا. رەزامەندی و بەرژەوەندی زۆر لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمی تێدایە. لە کاتی شەڕی حەلەبدا وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی هەموو ئەم لایەنانەی کرد. هێشتا ماددەکانی پەیمانی پاریس ئاشکرا نەکراون، بەڵام ئەو بڕیارنامە (مەرسومە) کۆمارییەی کە جۆلانی بڵاوی کردەوە، هێڵە گشتییەکانی ئەم رێککەوتنە نوێیە سەبارەت بە کورد ئاشکرا دەکات".

" گەلەکۆمەیەکی نوێ دژ بە کورد لە رۆژئاواوە دەستی پێکردووە و ئەگەر بەری لێنەگیردرێت بڵاوی هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێتەوە، ئەو جیهادییەی کە ئێستا لە سنووری حەسەکە و قامشلۆ و کۆبانی مڵازی گرتووە، سبەینی دێتە بەردەم ماڵی هەر کوردێک" زاگرۆس هیوا وا دەڵێت.

لە دوای هێڕشەکان بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەن، یەکێک لەو چەمکانەی ڕوبەرووی ڕەخنە بۆوە "برایەتی گەلان" بوو وتەبێژی کەجەکە دەڵێت "ئێستا لە سەر راگەیاندن و لە ناو شەقامدا شاڵاوێک لە دژی برایەتی گەلان لە رۆژئاوای کوردستان  لە لایەن چەن کەس و گروپێکەوە دەستی پێکردووە، گوایە چەن عەشیرەتێکی عەرەب خیانەتیان لە قەسەدە کردووە و ئێدی پێویستە کورد متمانە بە عەرەب نەکات، بەڵام ئەم بەناو ئەکادیمی و رۆشنبیرانە توزێک سەری خۆیان نایشێنن کە لە دۆخەکە تێبگەن و بزانن برایەتی گەلان چ دەسکەوتێکی بۆ رۆژئاوا هەبووە. ئەوەی لە رۆژئاوادا خیانەتی لە کورد کردووە عەرەب نییە، بەڵکۆ چەن سەرۆک عەشیرەتێکن کە سعوودیە و قەتەر بەر لە چەند مانگ بە ڕینمایی تورکیا چەندین ملیارد دۆلار پارەیان بۆ ڕژاندوون بۆ ئەوەی لە دژی هەسەدە بوەستەوە".

لە کۆتای ڕاگەیاندراوەکەدا زاگرۆس هیوا ڕایگەیاند "فاشیزم بە فاشیزم وەڵام نادریتەوە، ئەگەر ئەردۆغان پەرە بە فاشیزمی تورکچێتی دەدات، یان جۆلانی ئاڵای فاشیزمی عەرەبچێتی بەرزکردۆتەوە چ پێویست دەکات ئێمەش پەرە بە فاشیزمی کوردچێتی بدەین؟ ئەمە وەک ئەوەیە تەوەر لە قاچی خۆمان بدەین، لقەداری ژێرپێ خۆمان ببڕینەوە".




AM:10:19:30/01/2026