ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەقی ڕێکەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا بڵاوکردەوە، کە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزە ئەمنیەکان و مافەکانی کوردی تێدایە.
هەینی، ٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هەسەدە ڕایگەیاند "ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە ئەنجامدرا، لەگەڵ لێکتێگەیشتن لەسەر یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزی سەربازی و ئیداری لە نێوان هەردوولادا، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی سووریا لە خاڵەکانی بەرکەوتنی یەکتر، هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و دەستپێکردنی یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە".
یەکێک لەو خاڵانەی لەسەری ڕێککەوتوون لە ڕووی ئەمنیەوە پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە لە سێ لیوا پێکهاتووە بۆ هێزەکانی هەسەدە، ئەمە جگە لە پێکهێنانی لیوایەک لە هێزەکانی کۆبانی لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردن لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەم شێوازەیە "یەکخستنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی فەرمانبەرانی حکومی، جگە لەوەش ڕێککەوتنەکە مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان لەخۆ دەگرێت".
لە بارەی گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئامانجەکانی ڕێکەوتنەکە، هەسەدە ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانجی ڕێککەوتنەکە یەکخستنی خاکی سوریا و بەدیهێنانی یەکگرتنی تەواوە لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی پتەوکردنی هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.