ئەرشیف، ئیلهام ئەحمەد- هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر، لە هەژماری خۆی لە ئێکس، لە بارەی ڕێکەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەم ڕێککەوتنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی بەرچاو دەکات بەرەو سەقامگیری، و هیوادارین ڕۆڵی گەرەنتیکار لە پرۆسەی یەکگرتندا بگێڕێت".
هەینی ٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر، ڕایگەیاند "ئێمە پابەندبوونمان بە سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوە دووپات دەکەینەوە کە خزمەت بە یەکێتی سوریا دەکات و ئاشتی مەدەنی بەهێز دەکات و قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەسەندن دادەمەزرێنێت و گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی خەڵکی عەفرین و سەرێ کانیی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان مسۆگەر دەکات".
"جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی پرۆسەیەکی یەکگرتوویی بەرپرسیارانە و وردە وردە کە گەرەنتی هاوبەشی و پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و ڕێگە خۆشکردن بۆ گەشەپێدانی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لە سەرانسەری هەموو ناوچەکاندا"، ئیلهام ئەحمەد وا دەڵێت.
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆسەر سوپاسی وڵاتانی نێوەندگیریان کردوە و وتویەتی "ئێمە سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان بۆ وڵاتان و قەوارە نێوەندگرەکان دەردەبڕین کە لە پێشەنگییان ئەمریکا و فەرەنسا، بۆ هەوڵە ماندوو نەناسەکانیان لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات".
ئەمڕۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا بڵاوکردەوە.