هاكان فیدان: لەگەڵ ئەمریکا و سوریا کاردەکەین بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی هەسەدە

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند.

 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند‌‌'' وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەر ڕێککەوتنێک دەکات کە ببێتە هۆی سەقامگیری، بەبێ گوێدانە ئەوەی لایەنەکان کێن.''

 فیدان وتی" ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە هەنگاوێکی زۆر گرنگە دیمەشق لە کاتی ڕێککەوتندا رەچاوی مەترسییەکانی تورکیا و هێڵە سوورەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەنقەرە دەکات.''

 هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەستی ئێستا دەرفەتێکی دروست کردووە بۆ ئەمریکا تا دەستگیرکراوەکانی داعش لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق و تورکیاش لەم پرۆسەیەدا هاوکاری واشنتۆن دەکات.

وتیشی'' تورکیا بڕوای بە دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری هەیە و لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئاوەهاشدا نابێت دوو سوپا هەبێت. پێویستە تەنها یەک سوپای نیشتمانی هەبێت کە لەژێر فەرماندەیی یەک دەسەڵاتدا بێت." 

سەبارەت بە چارەنووسی هەسەدەش، ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت پرسی دروستکردنی هێزی پۆلیس و بابەتە کارگێڕییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا چارەسەر بکرێن.

هاكان فیدان بە توندی هێرشی کردە سەر ناسنامەی سەربازیی هەسەدە و وتی" هەسەدە درێژکراوەی پەکەکەیە لە سووریا و سەدان چەکدار کە خەڵکی سووریا نین و سەر بە پەکەکەن، لە ناو ڕیزەکانی هەسەدەدا جێگیر کراون و ئامانجیان تەنها زیانگەیاندنە بە ئاسایشی تورکیا.''

جەختی کردەوە کە تورکیا هەموو ئەو کەسانە دەناسێت و پێویستە ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت تاوەکو مافی کوردە ڕەسەنەکانی سووریا بە دادپەروەری پارێزراو بێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی هەسەدە هەندێک جار بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان ئەمریکا و سووریادا. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ڕایگەیاند'' ئێستا راوێژ و گفتوگۆی هەمەلایەنە لە نێوان ئەنقەرە، واشنتۆن و دیمەشق بەردەوامە بۆ ئەوەی پرسەکان بە شێوەیەکی ڕێك و پێک چارەسەر بکرێن.''




PM:01:47:30/01/2026