تۆم باراک: ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق وەرچەرخانێکی مێژووییە

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ڕێککەوتنی نوێی نێوان حکومەتی ناوەندیی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند.

 
تۆم باراک ئەم ڕێککەوتنە گشتگیرەی وەک "وەرچەرخانێکی مێژوویی و قووڵ" ناوبرد کە دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم لێکتێگەیشتنە تەنیا ڕێککەوتنێکی سەربازی نییە، بەڵکو گەشتی سووریا بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکڕیزی نیشتمانی خێرا دەکات. جەختیشی کردەوە کە بنەمای ئەم هەنگاوە لەسەر ڕێزی دوولایەنە و پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا بونیاد نراوە، ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ سەقامگیرییەکی درێژخایەن.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، تۆم باراک باسی لە گرنگی ڕێککەوتنەکە کرد بۆ داهاتووی سیاسی وڵاتەکە و وتی” بۆ حکومەتی سووریا، ئەمە نیشاندەری دڵسۆزییە بۆ هاوبەشیی ڕاستەقینە بەپێی ڕێککەوتنەکە، ڕێگە دەدرێت بە نوێنەرانی هەسەدە کە لە ئاستی باڵای دامەزراوە یەکگرتووەکانی دەوڵەتدا بەشدار بن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە دابەشکارییە کارگێڕییەکان دەبینرێت.” 

ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ١٣ی سەرۆکایەتی سووریا کرد. ئەم بڕیارە تایبەتە بە گێڕانەوەی مافی هاووڵاتیبوون بۆ ئەو کەسانەی بێبەش بوون و هەروەها ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە سووریا. 





PM:03:20:30/01/2026