سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا دەربڕی.
مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم ڕێککەوتنە فراوانتر بکرێت تاوەکو مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سوریا، بەتایبەتی لە ناوچە کوردییەکان، دابین بکرێت. هەروەها هیوای خواست ئەم لێکتێگەیشتنە ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەیەکی سەربەرزانە و ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی پشتیوانی گەلی کوردستان لە جیهاندا کرد و بەتایبەتی ڕۆڵی مەسعود بارزانی بەرز نرخاند لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکان. ڕایگەیاند” گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان جێگەی شانازییە و هەنگاوێکی دروستە بەرەو ئاییندەیەکی باشتر.”
لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕێز و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک، حکومەت، کۆنگرێسی ئەمریکا و وڵاتانی دۆست کرد. دەستخۆشی لە هەوڵەکانیان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان و پشتگیریکردنی مافە ڕەواکانی گەلانی سوریا، کە دەبێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.