تولای هاتیمۆغۆلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی)، لە پەیامێکی فەرمیدا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی گشتگیری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگیان وەسف کرد.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕایانگەیاند” ئیرادەی گەلی ڕۆژئاوا بۆ ئەوان بنەمایە. ئەرکی ئێمە پاڵپشتیکردنی ئەو بڕیارانەیە کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان دەیدەن.”
هەروەها دەستخۆشییان لە لایەنەکان کرد بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی دایەلۆگ و دانوستان.
لە پەیامەکەدا سوپاسی سەرجەم ئەو وڵات، دامەزراوە و کەسایەتییانە کراوە کە ڕۆڵیان هەبووە لە سەرخستنی ئەم ڕێککەوتنەدا. سڵاویان نارد بۆ ئەو جەماوەرەی لە سەرانسەری جیهان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا هاتبوونە سەر شەقامەکان.
دەم پارتی دووپاتی کردەوە کە هەمیشە بڕوایان بەوە بووە کێشەکان بە دانوستان چارەسەر دەکرێن نەک شەڕ. ئەم هەڵوێستەی دەم پارتی ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی دەقی ڕێککەوتنەکە لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدەوە هات.