سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، ڕایگەیاند'' ئەم هەنگاوە دەبێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان.''
هیوایشی خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، بە تایبەتی گەلی کورد لەو وڵاتەدا.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی سوپاسی هەوڵەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتانی نێوەندگیری کرد کە هاوکار بوون لە نزیککردنەوەی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندن لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا.
هەروەها ستایشی هەڵوێستی هاونیشتمانییان و گەنجانی کوردستانی لە ناوخۆ و تاراوگە کرد کە بە پشتیوانییەکانیان بۆ ڕۆژئاوا، پەیامی کورد یەکە یان گەیاندە جیهان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوو لە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، ڕایگەیاند" هەوڵ و بەرخۆدانی بەردەوامی برام جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بیردەهێنمەوە."
دووپاتیشی کردەوە کە شانازی بە هەڵوێستەکانییەوە دەکات و وەک هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی کارەکانی دەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد.