ئیلهام ئەحمەد: خەڵکی عفرین و سەری کانێ دەگەڕێنەوە.. لەگەڵ وەفدێکی تورکی کۆبوومەوە


هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، لە بارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە ئاوارەکانی عفرین و سەری کانێ دەگەڕێنەوە، هەروەها ئاشکراشی کرد کە دوێنێ پێەج شەممە لەگەڵ وەفدێکی تورکیا کۆبۆتەوە.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی رێککەوتنەکە ڕاوەستاندنی خوێنڕشتن واژۆ کراوەو یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانیشی بریتییە لە چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

ئئیلهام ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا وتی" هاتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوەندی شارەکان، پرۆسەیەکی بەرپرسیارانە و قۆناغ بەقۆناغەو ئامانجی پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و زامنکردنی هاوبەشیی راستەقینەیە".
 
سەبارەت بە مانەوەی هێزەكان وتی،"هێزەکانی ئاسایشی ئێمە لەشوێنەکانی خۆیان دەمێننەوەو هیچ هێزێک جێگەی هێزە ناوخۆییەکانمان ناگرێتەوە."

هەروەها باسی لەوەش کرد کە دوێنێ وەفدێکی تورکیای بینیووە، بەبێ ئاشکراکردنی وردەکاری ناوەرۆکی دیدارەکە.

باسی لەوەش کرد کە ژمارەیەک لەهێزەکانی ئاسایشی سوریا دەچنە ناو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسە ئەمنییەکان لەخەڵکی ناوچەکە دەبن."

ئیلهام ئەحمەد ئەوەشیخستەڕوو بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت ئەو گروپە چەکدارانەی لەم دواییانەدا پێشڕەوییان کردوە، بەگەرەنتیی وڵاتانی نێوەندگیری پرۆسەکە، بۆ شوێنەکانی خۆیان بکشێنەوەو هێڵەکانی بەرکەوتنی نێوان سوپای سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دیاری کراون.

هەر بەگوێرەی پلانەکە، سێ لیوا لەحەسەکە و کۆبانێ دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بەناوچەکە و لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگریی سوریادا دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای سووریا دەچنە ناو حەسەکە.

لەبارەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ناوچەکە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت: "پارێزگاری حەسەکە لەلایەن ئێمەوە دیاری دەکرێت." هەروەها باسی لە پاراستنی سنوورەکان کرد و وتی، ئەو ئەرکە لە ئەستۆی خەڵکی ناوچەکە خۆیان دەبێت.
 
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشكرد، پرسی خوێندن و تەواوی ئەو بڕوانامانەی بەزمانی کوردی وەرگیراون، دانپێدانراو دەبن،" جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە "زمانی دایک" بێت.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئیلهام ئەحمەد جەختیشیكردەوە، كە تورکیا بەتەواوی لەعەفرین دەکشێتەوەو بەرنامەش هەیە لەسەرێکانێش بەهەمانشێوە بکشێتەوەو دواتر تەواوی فەرمانگە مەدەنیەکان ڕادەستی ئێمە دەکرێتەوە".
 





PM:08:04:30/01/2026