مەسعود بارزانی لەبارەی ڕێککەوتنی هەسەدەو دیمەشق راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی هەسەدەو حکومەتی کاتی سوریا دەکات. 

لە راگەیاندنێکدا کە شەوی ٣٠ ی کانوونی دووەمی بڵاویکردەوە، دەڵێت " پێشوازی لە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و (هەسەدە) دەكەین و پیرۆزبایی لە هەردوولایان دەكەین. هیوادارین ئەو ڕێككەوتنە بەردەوام و سەركەوتوو بیت".

لە درێژەی قسەکانیدا بارزانی دەشڵێت" ئێمە هەمیشە لەو بڕوایە داین كە دیالۆگ و ئاشتی ڕێگەی دروستە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان".

سەرۆک پارتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت "هیوادارین ئیدی كۆتایی بە ئازار و مەینەتیی گەلی كورد لە سووریا بێت و هەموو لایەك بە ئاشتی و ئازادی و سەقامگیری لە سووریا شاد ببن."

ئەمڕۆ هەینی هەسەدە ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنەی راگەیاند کە لەنێوان خۆیان و حکومەتی کاتی سوریا واژوویان کردووە کە ئاگربەستی هەمیشەیی و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ حەسەکەو، دروستکردنی سێ لیوای کورد بۆ پارێزگای حەسەکەو شاری کوبانێ، هەروەها گەڕانەوەی ئاسایشی حکومەتی ناوەندی بە هاوشانی کارکردنیان لەگەڵ ئاسایش کورد و تێکەڵکردنی فەرمانگەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.




PM:08:54:30/01/2026