رۆژی یەک شەممە ١ ی شوبات بڕیارە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرێت، تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدی هاوبەش رێکنەکەوتوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە زیاتر لەسەرچاوەیەک لە بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتوون، تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ رێککەوتنێکی لە ئارادا نییە، بەرپرسانی یەکێتی دڵنیایی دەدەن کە بەبێ کێشە کاندیدەکەیان، نزار ئامێدی لە هەڵبژارنی سبەی پەرلەماندا بە ئاسایی سەرکەوتن بەسەر د. فواد حسێن دا بەدەستدەهێنێت و " دڵنیایان لە هاوپەیمانی شیعە و حەلبوسیەوە پێدراوە کە دەنگیان پێدەدەن".
لە لایەکی ترەوە فازل میرانی ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر بۆ میدیاکاران رەتیکردەوە" تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و پارتی هەبێت بۆ پرسی سەرۆک کۆماری عێراق".
فازل میرانی هێندە بێومێد بوو وتی " تاوەکو ئێستا ئاگام لێنییە، بەڵام دووعا دەکەم بگەن بە ئەنجامێکی باش بۆ کورد و بۆ کوردستان".
هەروەها جەختیکردەوە " تاوەکو ئەم ساتەوەختە، هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و پارتیدا نییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".