وتەبێژی کەجەکە ڕایگەیاند'' ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات خیانەتی نەتەوەیی عەرەب نییە، بەڵکو پیلانگێڕییەکی هەرێمییە''.
زاگرۆس هیوا لە نوێتری لێدوانیدا دەڵێت'' چەند سەرۆک عەشیرەتێک بە ڕێنمایی تورکیا و بە پارەی سعودیە و قەتەر هان دەدرێن بۆ ئەوەی لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوەستنەوە، بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.''
وتەبێژەکەی کەجەکە شەڕی ڕۆژئاوا وەک شەڕی ڕەوشت و هەق لە دژی بێڕەوشتییەکانی ئەردۆغان وەسف دەکات. هۆشداریش دەدات کە ئەمە گەلەکۆمەیەکی گەورەیە و ئەگەر ڕێگری لێ نەکرێت، تەنها بە ڕۆژئاوا ناوەستێت و پەل دەهاوێژێت بۆ داگیرکردنی هەموو بەشەکانی تری کوردستانیش.
لە لێدوانەکەدا تیشک خراوەتە سەر هاوکاتیی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر حەلەب لەگەڵ هێرشی پۆلیسی بەریتانیا بۆ سەر ناوەندی کوردی لە لەندەن، وەک ئاماژەیەک بۆ هەماهەنگی دژە کورد.
زاگرۆز هیوا دەڵێت'' ئەو کەسانەی بازرگانی بە ئایین و نەتەوەوە دەکەن، لە کۆتاییدا هەر ئەوانەن کە دەیانفرۆشن و خیانەت دەکەن.''
لە کۆتاییدا جەخت لەسەر کوردبوون دەکاتەوە وەک سیمبولی ڕێزگرتن لە ژن، ژینگە و مرۆڤایەتی. هەروەها وەک بەڵگەیەک بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەیی، ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێو ڕیزەکانی یەپەگە و یەپەژەدا هەزاران شەهیدی عەرەب هەن، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە جەنگەکە لە دژی نەتەوەی عەرەب نییە.