ئەندازیار نورەدین عیسا خانی وەک پارێزگاری حەسەکە دەستنیشاندەکرێت

کەجەکە ڕایگەیاند'' ئەندازیار نورەدین عیسا خانی وەک پارێزگاری فەرمی حەسەکە دەستنیشان کرا.''

 نورەدین عیسا خانی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی گەڕەکی خانیکای شاری قامیشلۆ و سلیلی بنەماڵەیەکی کوردستانی ڕەسەن و نەوەی فەیلەسوف و شاعیری گەورە ئەحمەدی خانییە.

ئەم کەسایەتییە لە ناوەندە جەماوەرییەکاندا وەک هێمایەکی نیشتمانی ناسراوە بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرە کە قوربانییەکی زۆریان لەپێناو خاکی کوردستاندا بەخشیوە، بەجۆرێک کە ناوبراو کوڕی شەهید و برای دوو شەهیدە و خاوەنی چەندین شەهیدی تری نزیکە کە خوێنی خۆیان لەپێناو ئازادیدا ڕشتووە.

کەجەکە دەڵێت'' دەستبەکاربوونی ئەندازیار نورەدین خانی لەم پۆستەدا وەک زامنکەری تەبایی و لێکتێگەیشتنی نێوان پێکهاتەکان دەبینرێت، چونکە هەمیشە وەک پردێکی پتەوی گەیاندنی برایەتی لە نێوان کورد و عەرەب لە پارێزگای حەسەکەدا ناسراوە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە پاراستنی یەکڕیزی و ئاشتی کۆمەڵایەتیدا.''




PM:10:59:31/01/2026