ڕاوێژکاری ئەردۆغان: جوداخوازەکانی کورد چاوەڕێن ئیسرائیل لە مانگی دەستکردا دەوڵەتیان بۆ دابمەزرێنێت

‌محەمەد ئوچووم- ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا

لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ساڵێک تێپەڕین بەسەر هەنگاونان بۆ "پرۆسەی ئاشتی"، ڕاوێژکارێكی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئەنادۆڵدا دەڵێت "کورد بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورکن و بەم ئەرکەشەوە، دامەزرێنەر و خاوەنی هەمیشەیی کۆماری تورکیان"، و وتوشیەتی " هەندێ توخم لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، وەک ئەوەی شتێکی نوێ بڵێن، هەوڵی زیندووکردنەوەی زمانی جوداخوازی دەدەن".

یەک شەممە، ١ شوباتی ٢٠٢٦، محەمەد ئوچووم، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا و جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسیە یاساییەکان، ڕایگەیاند "بەشێکی جوداخواز لە کورد، تەواوی پرسەکە کورت دەکەنەوە بۆ سیاسەتی ناسنامەی نەتەوەیی، خەمی ئەوان مسۆگەرکردنی بوونی کورد نییە، بەپێچەوانەوە، هەوڵ دەدەن بزانن ئایا دەوڵەتێکی مانگی دەستکرد کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت، لەسەر بنەمای پاشماوەی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەناوچوو، بە ئیستغلالکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و خستنە بەر مەترسیی کورد دامەزرێت، یان دەتوانرێت پێشکەوتن بەرەو ئەو ئامانجە لەگەڵ ناوچە ئۆتۆنۆمەکاندا بەدی بهێنرێت ".

لە بارەی خۆپیشاندانەکانی باکوری کوردستان بۆ پاڵپشتیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشڕەوی دەم پارتی، ئەو ڕاوێژکارە ووتی "تێبینی ئەوە کراوە کە ناوچە نوێنەرایەتییەکانی دەم پارتی لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریادا لادان و هەڵەیان بەخۆوە بینیوە، ئەو ڕێبازانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی لەکارکەوتوو لەگەڵ کورد یەکسان دەکەن و ئەو هەڵوێستانەی کە دەستکەوتە مێژووییەکانی کورد لە سووریا پشتگوێ دەخەن، وەک هەڵەی جیددی ناوچە نوێنەرایەتییەکانی دەم دەردەکەون".

لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥ بە پەیامێكی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان، قۆناغێکی نوێ کە کورد ناوی ناوە "پرۆسەی ئاشتی" و دەسەڵاتی تورکیاش "تورکیای بێ تیرۆر" دەستی پێکردوە، تا ئێستا پەکەکە لەسەر داوای ڕێبەرەکەیان، کۆنگرەی ١٢یان ئەنجامدا و خۆیان هەڵوەشاندەوە و جگە لەوەش سێ هەنگاوی دیکەیان ناوە، کە سوتاندنی چەکەکانیان بەشێوەی سمبولی لەلایەن چەند گەریلایەکەوە و کشاندنەوەی هێزەکانیان لە باکوری کوردستان و کشانەوەیان لە چەند خاڵێکی ناوچەی زاپ لە دهۆک، لە بەرامبەردا لە ناوخۆی تورکیا کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان دروستکراوە و ئێستا لە قۆناغی دووەمی کارەکانیەتی دوای سەردانیکردنی لیژنەیەکی سێ کەسی بۆ دورگەی ئیمراڵی و گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەوەی کورد داوای دەکات دووبارە نوسینەوەی دەستورە و داننان بە مافی کوردە. 




PM:03:38:01/02/2026