چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: سبه‌ی وه‌فدێكی باڵامان سه‌ردانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كات

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق نەیتوانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ١ی شوباتی ٢٠٢٦ کۆببێتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری دا دەستپێشخەرییەک بۆ شکاندنی بنبەستی سیاسی ئەنجام بدات.

 عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانییەکە، ڕایگەیاند'' شاندێکی باڵایان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، ڕۆژی دووشەممە ٢ی شوبات دەگەنە هەولێر و سلێمانی.''

شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکە پێکهێنراوە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە، و هەریەکە لە هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس، ئەندامی سەرەکین تێیدا بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆیەکان.

مەبەستی سەرەکیی ئەم سەردانە دروستکردنی لێکتێگەیشتن و نزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. 

چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم نێوەندگیرییەوە فشار دروست بکات بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلا بکرێتەوە، تاوەکو پڕۆسەی سیاسی لە وادە دەستوورییەکانی خۆی دوانەکەوێت و هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بنرێت.

لە ئێستادا ١٩ بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کێبڕکێ دەکەن، بەڵام ململانێی سەرەکی لە نێوان فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی و نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتییە. 




PM:07:38:01/02/2026