٤٨ کاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەکە و قامیشلۆ ڕادەگەیەندرێت

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان، بڕیاری قەدەغەی گشتیی هاتووچۆیان لە هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆ ڕاگەیاند.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی ناوخۆی کانتۆنەکە ئاشکرای کرد، ئەم هەنگاوە لە پێناو "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و گیانی هاونیشتمانییان" نراوە، و داوای لە هەموو لایەک کردووە پابەندی ڕێنماییەکان بن، بە پێچەوانەوە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەبنەوە.

بەپێی بڕیارەکە، قەدغەی هاتووچۆکە بە دوو قۆناغ و بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێت:

شاری حەسەکە، ڕۆژی دووشەممە (٢-٢-٢٠٢٦)، لە کاژێر ٠٦:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٠٦:٠٠ی ئێوارە.
شاری قامشلۆ، ڕۆژی سێشەممە (٣-٢-٢٠٢٦)، لە کاژێر ٠٦:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٠٦:٠٠ی ئێوارە.

ئەم قەدەغەی هاتووچۆیە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە گشتگیرەی کە لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا واژۆ کرا. 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ڕایگەیاندووە'' لە سبەی دووشەممەوە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دەستپێدەکات.''

 وەک بەشێک لە بەرەنجامەکانی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە، بڕیارە هەر سبەی دووشەممە نزیکەی ٢٥٠ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، بە چەکی سووکەوە بچنە ناو شاری حەسەکە. 

ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزانە سەرپەرشتیاریکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان دەبێت، و چاوەڕوان دەکرێت قەدەخەی هاتووچۆکە زەمینەسازییەکی ئەمنی بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسە هەستیارە بەبێ دروستبوونی ئاڵۆزی.





PM:09:07:01/02/2026