ئەمڕۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی دەستپێدەکات


ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە) و حکومەتی کاتی سوریا ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی شوباتەوە هێزەکانی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاتی لە شوێنی دیاریکراو لەناو شارەکانی حەسەکە و کۆبانیدا جێگیربکرێن.

لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە ٣ لیوای ١٦ هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا مانگێک دەخایەنێت، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکومەتی سوریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن.  

لە رووی ئەمنییەوە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەچنە ناوەندی شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا دەستپێدەکات. 

هاوکات لە رووی سەربازییەوە، بڕیار لە پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە ٣ لیوای هێزەکانی هەسەدە پێکدێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بۆ هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب دراوە. 

رێککەوتننامەکە لایەنی ئیداری و مەدەنیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک کە سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سوریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن.

ڕۆژی ٣٠ی  کانونی دووەم، هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی گەیشتنە ڕێککەوتنێکی تۆکمەی ئاگربەست کە لێکتێگەیشتن لەسەر پرۆسەی قۆناغ بە قۆناغی یەکخستنی هێزە سەربازی و ئیدارییەکانی نێوان هەردوولا لەخۆگرتبوو.

ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە بەرەکانی پێشەوە.
ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە یەکخستنی خاکی سوریا و بەدیهێنانی یەکگرتنی تەواوەتییە لە ناوچەکەدا بە پتەوکردنی هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات.





AM:10:19:02/02/2026