ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز بە پشتبستن بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە کە " لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی شەرع بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەو شەڕەدا کە لە ٦ تا ٢٩ ی کانوونی دووەمی خایاند، لانی کەم ١٢٢٩ کەس گیانیان لە دەستداوە لە شەڕڤان و خەڵکی مەدەنی".
بە گوێرەی ئامارەکە لە نێوانیاندا زیاتر لە ١٢٠٠ قوربانی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بوون، جگە لە ٧ کوژراو لە عەفرین و ناوچەکانی ڕەققە و تەبقە، و ٢١ کوژراویش لە کۆبانێ و گوندەوارەکانی.
هەروەها بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە ١٦٠ کەس بریندار بوون.
ئاژانسەکە بڵاویشیکردەوە کە ئەمە جگە لەوەی لەلایەن هێزەکانی شەرعەوە زیاتر لە ٢٠٠٠ مەدەنی ڕفێنراون و دەستگیرکراون دۆکۆمێنتیش کراون و چارەنووسیان تا ئێستا نادیارە.
تا ئێستاش زیاتر لە ٢٧٠ تەرمی بێناسنامە لە ساردکەرەوەکانی پزیشکی دادوەری لە حەلەب پارێزراون.