هەسەدە: ١٠٠ تا ١٢٥ ئەندامی حکومەتی کاتی سوریا دەچنە ناو شاری حەسەکە


بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات کە لە ئەمڕۆوە چوونی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردوە.

دوو شەممە، ٢ شوبات ٢٠٢٦، فەرهاد شامی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندی هەسەدە ڕایگەیاند "لە ئەمڕۆ دووشەمەوە بە ١٥ ئۆتۆمبێلەوە دەستەیەکی سەرەتایی کە لە ١٠٠ بۆ ١٢٥ ئەندامی حکومەتی کاتیی سوریا پێکهاتووە، دەچنە ناو شاری حەسەکە، ڕۆژی سێشەمەش گرووپی دووەم بەهەمان قەبارە دەچنە ناو شاری قامیشلۆ، بوونی ئەو هێزانە بە یاوەری ئاسایشی ناوخۆ کە کوردن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت".

لە بارەی شووێنی جێگیربوونی ئەو هێزانەوە فەرهاد شامی وتویەتی "لە سێ چوار شوێنی دیاریکراو لەناو سەنتەری شاردا جێگیر دەبن، بە یاوەری ئاسایشی ناوخۆ کە کوردن ئامادەبوونیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت، هەموو ئەو هێزانە خەڵکی پارێزگای دەرعان، ئەمە مەرجێکە کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا دیاری کراوە".

"ئەرکی ئەو هێزانە سنووردارە بە سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکەکانیان ناوچەکە بەجێدەهێڵن"بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی هەسەدە وا دەڵێت. 

٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦،  ڕێککەوتنێک لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا واژۆکرا و ئەمڕۆش دوو شەممە وەک یەکەم ڕۆژی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاریکرا.




PM:02:56:02/02/2026