CPT: چەکدارەکانی سوپای سوریا دوو هاوڵاتی خێزانێك دەکوژن و ئەندامەکانی جەستەیان لێدەکەنەوە

‌وێنەی دوو هاوڵاتییە کوژراوەکە، لە لایەن ڕێکخراوی CPT بڵاوکراونەتەوە

کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPT ئەمریکی، لە بارەی کوشتنی دوو هاوڵاتی و شێوازی ڕادەستکردنەوەیان بە خێزانەکانیان لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرعەوە زانیاری بڵاوکردوەتەوە. 

دوو شەممە، ٢ شوباتی ٢٠٢٦، کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT ئەمریکی ڕایگەیاند "چەکدارانی سوپای سوریا، دوو هاووڵاتی مەدەنی یەک خێزان دەکوژن و ئەندامانی جەستەیان لێدەکەنەوە. لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەمدا، چەکدارانی حکومەتی نوێی سوریا لە شاری ڕەقە، هاووڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی فەرید ڕەبیع بەکر، تەمەن ١٦ ساڵ، دەکوژن و دوای کوشتنیشی سەری لە لاشەی جیا دەکەنەوە، دواتر تەرمی هاووڵاتییەکە دەگوازنەوە بۆ حەلەب و لەدوای ١١ ڕۆژ، تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی دەکرێتەوە و لە گوندی مەیدانو لە عەفرین دەنێژرێت".

لە بارەی کوشتنی هاوڵاتیەکی دیکەی ئەو بنەماڵەیە کامەران عوسمان وتویەتی "ڕۆژی دواتر و لە ١٩ی کانوونی دووەمدا، پورزایەکی فەرید بە ناوی ئایە عیزەت سیراج ،تەمەن ٢٢ ساڵ لە ڕەقە دەستگیردەکەن، دوای لێدان و ئەشکەنجەدان ئایە گیان لەدەستدەدات، دواتر دەست و قاچی چەپی ئەو کچە لێدەکەنەوە و بەشێکی جەستەی دەسوتێنن. دوای ئەوەی خێزانی ئایە، وێنەی کچەکەیان بە کوژراوی لە سۆشیاڵ میدیا دەبینن، پەیوەندی بە هێزەکانی حکومەتی نوێی سوریاوە دەکەن و داوای تەرمەکەی دەکەنەوە".

"باوکی ئایە، بە چەکدارانی حکومەتی سوریا دەڵێت 'فیشەکتان پێنەبوو بیکوژن؟ بۆچی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتتان؟ بۆچی پارچە پارچەتان کرد و سوتاندتان؟' بەهۆی ڕەخنەکانیەوە، باوکی ئایە لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمەوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا بێسەر و شوێنە، تەرمی ئایە هێشتا ڕادەستی خانەوادەکەی نەکراوەتەوە و حکومەتی سوریا داوای هەزار دۆلاری ئەمریکی دەکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی"، ئەندامەکەی ڕێکخراوە ئەمریکیەکە وا دەڵێت. 
 
کامەران عوسمان ڕایگەیاندوە "ئەو خێزانە، خەڵکی حەلەبن و پێشتر ئاوارەی شاری عەفرین بوون، دواتریش بۆ شەهبا و تەبقا و ڕەقە چوار جار ئاوارەبوون" و ئاماژەی بەوەش کردوە " تیمی کوردستانی عێراقی CPT لە ڕێگەی وەرگرتنی گووتەی گەواهیدەران، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن، ڕاستاندنی وێنە و ڤیدیۆ، ئەم پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤی پشتڕاستکردۆتەوە و بەڵگاندنی بۆ کردوون".




PM:03:21:02/02/2026