دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ شاندنی باڵای پارتی لە هەولێر، شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕێگای فڕۆکەخانەوە گەیشتنە سلێمانی و ئێستا لەگەڵ شاندنی باڵای یەکێتی لە کۆبونەوەدان.
دوو شەممە، ٢ شوبات ٢٠٢٦، شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهاتوە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هادی عامری، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، عەباس ڕازی سكرتێری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی باڵای پارتی بەسەرکردایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە هەولێر کۆبونەوە، لە ئێستاشدا بە سەرکردایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی لە کۆبونەوەدان.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان لەگەڵ شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی بارەگای بارزانی ڕایگەیاند " لە كۆبوونەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراقی فیدڕاڵ".
بە پێی ڕگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی "سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆك كۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو جارێک پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت".
ئەم سەردانەی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەوە دێت کە دووجار هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەرلەمانەوە دواخرا.