ئەردۆغان: ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق لاپەڕەیەکی نوێیە

سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پەیامێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا دەربڕی و ڕایگەیان'' هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەقامگیری ناوچەکە، لای ئەوان جێگەی بایەخە.''

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی وەک "لاپەڕەیەکی نوێ" ناوبرد و هیوای خواست ئەم گۆڕانکارییانە کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنن.

جەختی لە ستراتیژییەکی نوێ کردەوە بۆ باکووری سووریا، کە ئەویش دامەزراندنی سیستەمێکە لەسەر بنەمای "یەک سوپا، یەک دەوڵەت و یەک سووریا".

 بە وتەی ئەردۆغان، چارەسەرکردنی کێشەکان بەبێ توندوتیژی و یەکخستنەوەی دامەزراوەکان، تەنیا ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان بۆ گەلی سووریا کە ساڵانێکی درێژە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنن.

لە پاڵ نیشاندانی نەرمیی دیپلۆماسی، ئەردۆغان پەیامێکی هۆشدارکەرەوەی ئاراستەی هەموو ئەو لایەنانە کرد کە ئەگەری هەیە تێکدەری دۆخەکە بن. ڕایگەیاند'' هەر لایەنێک پەنا بۆ تیرۆر ببات یان بیەوێت پرۆسەی ئاشتی تێکبدات، باجەکەی دەدات". 

هاوکات، دووپاتی کردەوە کە هیچ جووڵەیەکی تێکدەرانە لەم قۆناغە نوێیەدا سەرکەوتوو نابێت و تورکیا چاودێری وردی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دەکات.

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، هەسەدە و حکومەتی سووریا ڕێککەوتنێکی گشتگیریان ڕاگەیاند. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، بڕیاردراوە بە کۆتاییهێنان بە شەڕ و یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندیدا. 




PM:08:13:02/02/2026