ئەنەکەسە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە،٢ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد. 

شاندەکە کە لەلایەن محەممەد ئیسماعیلەوە سەرۆکایەتی دەکرا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا چاویان بە بەرپرسانی باڵای حکومەت کەوت.

لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەقامگیری ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەکان کردەوە. 
وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند'' حکومەت پابەندە بە دابینکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، بە شێوەیەک کە مافی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بە یەکسانی پارێزراو بێت.''

شاندی ئەنەکەسە لە میانی گفتوگۆکاندا پێشوازییان لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە سێزدە کرد، ئەنەکەسە ئەم هەنگاوەی بە سەرەتایەکی گرنگ و ئەرێنی وەسف کرد بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە سووریا و داڕشتنەوەی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان لایەنە کوردییەکان و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق.

پێشتر سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە، ئاشکرای کردبوو کە کۆبوونەوەکە لەسەر داوای فەرمیی نووسینگەی وەزیری دەرەوەی سووریا بووە. ئەنەکەسە بە ئامانجی گەیاندنی ڕاشکاوانەی بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی و داواکارییەکانی گەلی کورد، بڕیاریداوە بچێتە دیمەشق و بەشداری لەم دیالۆگە نیشتمانییەدا بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر.





PM:11:19:02/02/2026