فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی١٦ی شوبات وەک وادەی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکرد.
بڕیارە کۆنفرانسەکە لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای زنجیرەیەک کێشەی یاسایی و ڕێکخراوەیی دێت کە ڕووبەڕووی بزووتنەوەکە بووەتەوە.
ئاراستەی "کوردسات"ی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمسیۆن کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە ناوخۆییەکان.
ئاراستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجیان داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوچەرخە کە لەگەڵ ویستی ئێستای هاونیشتمانیان یەکانگیر بێت و بزووتنەوەکە بخاتەوە سەر "سەکۆیەکی سیاسیی کاریگەر".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی شاری کەرکووک بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە، بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند'' کەرکووک وەک سیمبولی پێکەوەژیان و ڕەمزێکی نەتەوەیی هەڵبژێردراوە. لەوێوە پەیامی یەکگرتوویی بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان دەنێرن و جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنرێن و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلدا، بە ڕۆحێکی نیشتمانییەوە کار بۆ قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسی بکرێت.''
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی سەرجەم گۆڕانخوازان و ئەندامانی دەستەی گشتی کراوە، کە مافی یاسایی بەشداریکردنیان هەیە، تاوەکو بە شێوەیەکی کارا ئامادەبن.
لەلای خۆشیەوە، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە بارەگای سەرەکییان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانییە لە لێدوانێکیدا دەڵێت" نوێنەری ئێمە بە فەرمی نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕانە لە کۆمیسیۆن و لەو وادەیە ئاگادار نەکراوینەتەوە".
وتیشی" ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامان کردبوو ١٤ی شوبات بۆ کۆنفرانس دیاری بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دیاریکردنی رۆژەکە ئاگادار نەکراوینەتەوە."