یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار بە میدیاکانی وتوە کە نۆ دەستگیرکراوی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازاد کراون کە لە ناویاندا کەسی پلە باڵا هەیە.
سێ شەممە، ٣ شوبات ٢٠٢٦، قادر ئاغا مەنتیک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ڕایگەیاند "چەند کەسێکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد كران، یەکێک لەوانەی ئەمڕۆ ئازاد کراوە عەباس عەبدولقادر حەسەنە و پلەی ئەفسەری هەیە و شۆفێری شێخ لاهوور شێخ جەنگی بووە".
٢٢ ئابی ٢٠٢٥، شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە هۆتێل لالەزار و سەرچنار ڕویدا و لە ئەنجامدا نزیکەی ١٠ کەس کوژران و لاهور شێخ جەنگی و براکەیی وئەو کەسانەی کاریان بۆ دەکردن دەستگیرکران.