تۆمەتبارێک بەناوی (ئـ، س، ع) لەدایکبووی ساڵی ٢٠١٣ بەتۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی بەناوی (ئـ، س، ع) لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٢/٣، هەواڵی برینداربوونی کەسێک بەناوی (ئـ، س، ع) لە گوندی تاسڵوجەی سەر بە قەزای سەیدسادق گەیشتە بنکەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد.
ڕاشیگەیاند" دواتر بریندارەکە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخرا و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد بەپێی ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادان".
ئاماژەی بەوەشداوە، توانرا لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادقەوە دەستگیربکرێت، هەروەها دەستگیرا بەسەر ئەو چەکەدا، کە لە ڕووداوەکەدا تۆمەتبار بەکاریهێنابوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشی كردووە، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەهەمان ماددەی یاسایی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.