وردەکاری نوێکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایان راگەیەنرا و بە وتەی نوێنەری مامۆستایان پرۆسەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کۆتایی مانگی شوبات کۆتایی بێت.
رۆژی سێشەممە نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست وتی" پڕۆسەی نوێکردنەوەی فۆڕمی گرێبەست بۆ سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦ (مانگی ٢) پڕۆسەکە بۆ تەواوی ئەو مامۆستایانە کۆتایی بێت، کە ژمارەیان ٤٢ هەزار و ٢٣ مامۆستایە".
عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەم هەنگاوە پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٩ی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەنجام دەدرێت و بە دەرفەتێکی گرنگی دەزانێت بۆ ڕەخساندنی زەمینەی دامەزراندنی هەمیشەیی مامۆستایان".
سەبارەت بە دابەشبوونی ژمارەی مامۆستایان، ئاماژەی بەوەکرد: لە کۆی گشتیی مامۆستایانی گرێبەست، ٣٧ هەزار و ٩٣٣ مامۆستایان سەر بە وەزارەتی پەروەردەن و چوار هەزار و ١٠٠ مامۆستاکەی دیکە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵان.
ئەوەشی خستەڕوو، مامۆستایان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان پێویستە تەنها دوو کۆپی کارتی نیشتمانی و پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەک پێشکەش بکەن.