وەزیری تەندروستی: لە ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراون

بە وتەی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان  لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێم تۆمارکراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە نەخۆشییەکەدا کە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بەڕێوە چوو، وتی" لە ساڵی ٢٠٢٥ هەرێم ١٠ هەزار و ٤٨١ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی لەسەدا ٤٠ی توشبووەکان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و لە پارێزگاکانی تری عێراق دەژین، ڕونیشیکردەوە، ئەو نەخۆشانە ڕۆژانە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن، بەو پێیەی چارەسەرکردن بە تایبەتی لەلایەن کەرتی حکومەتەوە دابین دەکرێت، لە بنکە تەندروستییە حکومییەکان، و بێ بەرامبەر بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بودجەیەکی تەرخانکراو بۆ ئەو مەبەستە.

بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە کۆی ١٠٠ هەزار کەس ١٩١ کەس تووشی شێرپەنجە دەبن، لە هەرێمی کوردستان لە کۆی ١٠٠ هەزار کەس ١٥١ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە دەبن.

ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دەریدەخەن، لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠٢٣، لە ماوەی ١٢ ساڵدا، ٨١٠٦٢ هاووڵاتی تووشی شێرپەنجە بوون، کە ٢٣%یان ژنانی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک بوون.



AM:10:37:04/02/2026