بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ تووشبوانی شێرپەنجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ٤٧٨ کۆدی نوێ لە نەخۆشخانەکە کراونەتەوە و لەو ژمارەیە ٢٧٥ حاڵەتیان بە تەواوی وەک نەخۆشی شێرپەنجە دەستنیشانکراون.''
دکتۆر یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامارەکان لە شاری سلێمانی بەرزن بەڵام یەک مانگ نابێتە پێوەری زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانە و جەختیشی کردەوە کە زیاتر لە ٢٠٪ی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن خەڵکی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقن و تەنها دانیشتووی سلێمانی نین.
داوای لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی کرد کە بڕیاری بەپەلە بدەن بۆ دروستکردنی بینای نەخۆشخانەی هیوای گەورە لە شوێنێکی گونجاو.
هەروەها جەختی کردەوە لەسەر گرنگی کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە بۆ ئەوەی بتوانن لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا چارەسەری نەخۆشەکان بکەن پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی مەترسیدار.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا پێنج هەزار و ١٢٧ نەخۆشی نوێ لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراون کە سێ هەزار و ١٢٣ کەسیان تووشبووی شێرپەنجە بوون و لەو ژمارەیەش تەنها هەزار و ٤٤٨ کەسیان دانیشتووی ناوەندی سلێمانی بوون و ئەوانی تر لە ناوچە جیاوازەکانی تری عێراقەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕوویان لەو نەخۆشخانەیە کردووە.