پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند'' بە فەرمانی فەرمی داواکاری گشتی بڕیاری داخستنی سەرجەم نووسینگەکانی دەزگای میدیایی ئێن ئاڕ تی لە هەرێمی کوردستان دراوە و وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش پڕۆسەکە لە شاری هەولێرەوە دەستیپێکردووە و نووسینگەی سەرەکی کەناڵەکە لەو شارە داخراوە.''
ئومێد خۆشناو، لە نوێترین لێدوانیدا، دەڵێت'' ئەم بڕیارە لە پاش ئەوە دێت کە پێشتر سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەزگا میدیاییە تۆمارکرابوو بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە سیمبوولە نیشتمانییەکان و ئێستاش دادگا و داواکاری گشتی گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە پێویستە سەرجەم بنکە و نووسینگەکانیان لە شارەکانی هەرێم دابخرێن.''
سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە کە ئەو هێزەی چوونەتە سەر نووسینگەکە هێزی پۆلیس بوون و تەنها فەرمانی دادگایان جێبەجێ کردووە.
جەختیشی کردەوە کە ئەم بابەتە تەنها ڕێکارێکی یاساییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی سیاسییەوە نییە و تەنها لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
لای خۆشیانەوە پێشتر کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاوی کردەوە کە هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەکەیان لە شاری هەولێر و دهۆک سەرجەم کارمەندەکانیان لە ناو بیناکە کردووەتە دەرەوە و دەستیان بەسەر کەلوپەل و نووسینگەکەدا گرتووە و ئەم هەنگاوەشیان وەک گوشارێک بۆ سەر دەنگی ئازاد و کارە میدیاییەکانیان لە قەڵەم داوە.