سەنتەری میترۆ ئیدانەی داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان هەڵوێستی توندی خۆی بەرامبەر داخستنی نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە شارەکانی هەولێر و دهۆک راگەیاند.

سەنتەرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە پێشێلکارییەکی روونی ئازادی کاری میدیاییە لە هەرێمی کوردستان.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، لە لێدوانێکی رایگەیاند” ئێمە بە توندی ئیدانەی داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی دەکەین لە هەولێر و دهۆک". 

 جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو رێکارانەی بەرامبەر ئەو کەناڵە گیراونەتە بەر بە هەموو شێوەیەک دژی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانن و هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە.

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رەخنەی توندی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا، دەسەڵات ناتوانێت مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ میدیاکاران و رۆژنامەنووساندا بکات.

وتیشی” ئەم جۆرە رەفتارانە نیشانەی ئەوەن کە دەسەڵات لە کار و کاریگەریی رۆژنامەنووسان دەترسێت و دەیەوێت بەم شێوەیە دەنگی ئازاد بێدەنگ بکات".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دیاری محەمەد داوای لە لایەنە فەرمییەکان و حکومەت کرد کە بە زووترین کات کۆتایی بەو بڕیارە بهێنن. داواشی کرد نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی رادەستی ستافی کەناڵەکە بکرێنەوە و رێگەیان پێ بدرێت بە بێ فشار و ئاستەنگ بەردەوام بن لە کارە رۆژنامەوانییەکانی خۆیان.




PM:03:42:04/02/2026