وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ڕایگەیاند” ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە تاوەکو ٣١ـی ئاداری ٢٠٢٦ درێژکراوەتەوە و ئەم بڕیارە بەهۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجەی نوێی عێراقەوە دراوە.”
کەمال محەممەد ساڵح، لە نوێترتین لێدوانیدا دەڵێت”لە ئێستادا ڕۆژانە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت. لەو بڕە، ٥٠ هەزار بەرمیلی بۆ ناوخۆ بەکاردێت و ئەوەی دیکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)ـوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.”
ئاماژەبەوەشکراوە، حکوومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای جیهانیی Wood Mackenzie واژۆ کردووە بۆ دیاریکردنی تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت. بڕیارە ئەم کۆمپانیایە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی پێشکەش بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی شایستە داراییەکان.
سەبارەت بە کەرتی وزە، وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەی "ڕووناكی" فراوان بووە و لە ئێستادا زیاتر لە ١.٢ ملیۆن هاوبەش لە هەرێمی کوردستان لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری سوودمەندن، کە ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورەیە لە خزمەتگوزارییەکاندا.