وەزارەتی ڕۆشنبیری: ئاگاداری بڕیاری داخستنی ئێن ئاڕ تی نین

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند'' وەک لایەنی پەیوەندیدار بە کاروباری میدیا، تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی و بڕیارێکیان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە داخستنی کەناڵ یان نووسینگەکانی دەزگای میدیایی ئێن ئاڕ تی لە هەرێمی کوردستاندا.''
 
شێروان عەوڵا، جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو بڕیارە و ئەو ڕێکارە یاساییانە نییە کە باس لە داخستنی نووسینگەکانی ئەو کەناڵە دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان زۆربەی بڕیارەکانی پەیوەست بە ڕاگەیاندنەکان لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە ڕێکدەخرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند'' بە فەرمانی فەرمی داواکاری گشتی بڕیاری داخستنی سەرجەم نووسینگەکانی دەزگای میدیایی ئێن ئاڕ تی لە هەرێمی کوردستان دراوە و وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش پڕۆسەکە لە شاری هەولێرەوە دەستیپێکردووە و نووسینگەی سەرەکی کەناڵەکە لەو شارە داخراوە.''

هەروەها، پێشتر کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاوی کردەوە کە هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەکەیان لە شاری هەولێر و دهۆک سەرجەم کارمەندەکانیان لە ناو بیناکە کردووەتە دەرەوە و دەستیان بەسەر کەلوپەل و نووسینگەکەدا گرتووە و ئەم هەنگاوەشیان وەک گوشارێک بۆ سەر دەنگی ئازاد و کارە میدیاییەکانیان لە قەڵەم داوە.




PM:04:37:04/02/2026