بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیگەرانە لە داخستنی نووسینگەکانی NRT لە هەولێر و دهۆک

بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئاسمانیی NRT لە شارەکانی هەولێر و دهۆک دەربڕی.

 داخستنی ئەم نووسینگانە وەک هەنگاوێکی نەرێنی بەرامبەر بە پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی کاری میدیایی لە هەرێم وەسف کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم بڕیارە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و تەنها لەسەر بنەمای "بڕیارێکی ئەمنی و حزبی" دراوە. 

بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هەنگاوانە کاریگەری نەرێنی لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێدەهێڵێت و هەرێمەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکار لە ئازادی ڕادەربڕین دەکاتەوە.

بۆردەکە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، وەزارەتی ڕۆشنبیری سوپاسنامەی ئاراستەی سەرجەم میدیاکانی کوردستان کردبوو لەپای "سەنگینی و پیشەییبوونیان" لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، داخستنی نووسینگەی کەناڵێک لە دوای ئەم سوپاسنامەیە، وەک نیشانەیەک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان لە قەڵەم درا.

لە کۆتایی دەقەکەدا، بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر و دهۆک دەکات کە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن و ڕێگە بدەن نووسینگەکانی NRT بە ئازادانە کارە میدیاییەکانی خۆیان دەستپێبکەنەوە، تاوەکو پانتایی ئازادی ڕادەربڕین لە وڵاتەکەدا پارێزراو بێت.




PM:05:02:04/02/2026