جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، کاردانەوەی توندی بەرامبەر داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک نیشاندا و ڕایگەیاند'' ئەم هەنگاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەلمێنەری ئەوەیە کە کەناڵەکە لەسەر ڕێگا ڕاستەکە و لە بەرەی خەڵکدایە.'
هەروەها جەختیان کردەوە کە داخستنی کەناڵەکە لەبەر ئەوەیە کە پەیامەکانی بە دڵی دەسەڵات نییە و تەنها گوزارشت لە دەنگی هاووڵاتیان دەکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمە یەکەمجار نییە ئێن ئاڕ تی ڕووبەڕووی داخستن و گوشار دەبێتەوە، بەڵکو لە ڕابردوودا دەیان جار لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگری لێکراوە و میدیاکارانی دەستگیرکراون و تەنانەت بینای کەناڵەکەش سووتێندراوە، نەوەی نوێ باسی لەوەش کردووە کە هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ئەزیەتدانی کارمەندان و ساردکردنەوەی کەناڵەکە بووە لە گەیاندنی ڕاستییەکان بە خەڵکی کوردستان.
جوڵانەوەکە دڵنیایی دەدات کە ئەم جۆرە هەوڵانە بە "نەزۆک" ناو دەبات و پێیوایە ناتوانن ئێن ئاڕ تی ڕابگرن، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی کەناڵەکە بەهێزتر و سوورتر بێت لەسەر بەردەوامبوون لە پەیامە میدیاییەکانی، هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم جۆرە مامەڵە توندانە تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی کەناڵەکە لەناو دڵی خەڵکدا خۆشەویستتر بێت و پێگەی جەماوەریی زیاتر بەهێز بێت.