لەسەر بانگهێشتی مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ دوور لە چاوی کامێراکان، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی پیرمامیان کردوە و لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەتەوە.
چوار شەممە، ٤ شوبات ٢٠٢٦، دوو سەرچاوەی تایبەت بە سپی میدیایان ڕاگەیاند "دوێنێ مەسعود بارزانی لە ڕێگای مەکتەب سیاسی پارتیەوە پەیوەندیان بە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیەوە کردوە و داوای دیدار و کۆبونەوەیان لێکردوون".
ئەو دوو سەرچاوە جیاوازە، ئەوەشیان بۆ سپی میدیا ئاشکراکرد کە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە هاوینەهەواری پیرمام کۆبونەتەوە.
بە پێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان تەوەرێکی کۆبونەوەکە تایبەت بوە بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە دوای ساڵێک و سێ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، تەوەری دووەمی کۆبونەوەکە لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، کە هەردوو حزبەکە ناکۆکیان هەیە لەسەر پۆستەکە و بەدوو بەربژێر کێبڕکێی بەدەست هێنانی پۆستەکە دەکەن.
تا ئێستا لەسەر ئەنجامی کۆبونەوەکە هیچ زانیارییەک دەست سپی میدیا نەکەوتوە کە ئەم دوو حزبە لەسەر ئەو پرسانە گەیشتونەتە ڕێککەوتن یاخود نا.
ڕۆژی دوو شەممە، ٢ شوبات، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەردوو حزبەکەیان لە هەرێمی کوردستانکرد و بەجیا کۆبونەوە لەگەڵیان و دوێنێ عەقیل ڕودەینی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسڕ ڕایگەیاندبوو کە چوارچێوەی هەماهەنگی ٤٨ کاتژمێری بۆ وەڵامی پارتی و یەکێتی دیاریکردوە سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار.
مانگی تشرینی یەکەم ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئەم کاتە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نەگەیشتونەتە ڕیککەوتن.