نورەدین عیسا ئەحمەد، بە ئەبو عومەر خانیکا ناسراوە، ئەم ئێوارەیە لە مەیدانی کەڤۆکی پارێزگاکە وەک پارێزگاری نوێی حەسەکە پێشوازی لێکرا.
چوار شەممە، ٤ شوبات ٢٠٢٦، نورەدین عیسا وەک یەکەم کورد بوە پارێزگاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە پێی ئەو دیمەنانەی لە مەیدانی کەڤۆکی پارێزگاکە بڵاوبونەتەوە خەڵک بە دڵخۆشی و جۆشەوە پێشوازی لە پارێزگارەکەیان دەکەن.
لە چاوپێکەوتنێکدا پارێزگارە کوردەکە دەڵێت " لەم قۆناغە نوێیەی حەسەکە و رۆژئاوای کوردستاندا، بە گیانێکی کوردانەوە هەر کەسێک ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیەتی، جێبەجێی بکات".
نورەدین عیسا لە بنەماڵەکەیدا خاوەنی ١٣ شەهیدە و ئاماژە بەوە دەکات کە "پێویستە بە فیداکارییەوە کار بکەین و هەرچی وزەمان هەیە بەکاری بهێنین، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین".
نورەدین عیسا ئەحمەد لە ساڵی ١٩٦٩ لە قامیشلۆ لەدایکبووە، بڕوانامەی ئەندازیاری میکانیک و کارەبای لە زانکۆی شام وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٩٣ تاوەکو ٢٠١٢ وەک ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ و لە کاتی دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکدا، بەرپرسیاریێتی پەیوەندییە گشتییەکانی گرتووەتە ئەستۆ و بووەتە ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە.
نوورەدین عیسا لە بارەی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی پارێزگاکە وتویەتی "بەڕێوەبەری گشتیی ئێمە، بەڕێز جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی پێویستە بتبینین، منیش گوتم باشە، رۆیشتم و گوتیان ئێمە تۆمان پێشنیاز کردووە بۆ پارێزگای حەسەکە".